![]() |
به‌شی دووهه‌م و کۆتایی دیداری "ڕێنێسانس" له‌گه‌ڵ وته‌بێژی حیزب دێموکرات خالیدی عه‌زیزی
بۆچوونی تاران له‌سه‌ر کوردستان بۆچوونێکی ئه‌منییه‌تییه، ئێستاش روانگه‌ی حکوومه‌تی تاران له‌سه‌ر هه‌موو رووداوه‌کانی کوردستان، به کۆمه‌ڵایه‌تی ـ سیاسی و ئابوووری و دیکه‌ی بواره‌کانه‌وه، روانگه‌یه‌کی ئه‌منییه‌تییه؛ کێشه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان (ژنان، لاوان، ماف، رێگاوبان و ئاوه‌دانکردنه‌وه، مافه کولتوورییه‌کان و خوێندن به زمانی کوردی، دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ... هتد) له‌و ڕوانگه‌یه‌وه چاو لێده‌کرێن و به‌و پێودانگه‌ش ده‌پێورێن، به‌ڵام هه‌مان ئه‌و خواستانه له تاران و ئیسفه‌هان و دیکه‌ی شاره گه‌وره‌کانی ئێران بۆنی ئه‌منییه‌تی گشتییان لێنایه‌ت.
خالیدی عه‌زیزی له‌و به‌شه‌ی دیداره‌که‌یدا له‌گه‌ڵ ڕێنێسانس وێرای ئه‌و مه‌سه‌له‌یه، باس له شه‌ڕی چه‌کداری، خه‌باتی مه‌ده‌نی و په‌یوه‌ندیی حیزبه‌که‌ی له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی دیکه ده‌کا و پێشێوایه که پڕۆژه‌ی ڕۆژئاوا له سه‌ر ئێران کێشه‌ی کورده‌کان ناگرێته‌وه. ئه‌وانه و چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی دیکه ...
ئا: ناوه‌ندی هه‌واڵ و سیاسه‌تی ڕێنێسانس
هه‌ندێک له ره‌خنه‌گران پێیانوایه که حیزبی دیموکرات له کۆندا هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر ئه‌و شتانه نه‌گرتووه و ئه‌ویش عه‌ینه‌کی ئه‌منییه‌تی له چاو کردووه، یانیش زۆر به پارێزه‌وه بۆ رووداوه‌کان چووه. خالیدی عه‌زیزی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه که ئه‌وان هه‌میشه له‌سه‌ر رووداوه گرنگه‌کان خاوه‌ن هه‌ڵوێست بووون. ئه‌و له‌و بواره‌وه گوتی: "سه‌یر نییه کاتێک ئێمه شه‌ڕی دوور‌و درێژمان به‌سه‌ردا سه‌پا و پێشمه‌رگه‌ی زۆرمان لێ شه‌هید بووون و زه‌ره و زیانی زۆریان لێداین ئه‌و رووانگه‌ی ئه‌منییه‌تییه له ده‌ووره‌وبه‌ری ئێمه بێکاریگه‌ری نه‌بوووه، به‌ڵام روانگه‌ی ئه‌منییه‌تی کاریگه‌ری نه‌بووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئێمه هه‌ڵوێستمان نه‌بوووبێت و شه‌فاف نه‌بوووبین و پێموایه له رابردوودشدا هه‌ڵوێستمان هه‌بوووه له‌سه‌ر رووداوه‌کان و شته‌کان، له‌سه‌ر کۆماری ئیسلامی، له‌سه‌ر ریفراندۆم، له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و بۆنه سیاسییه‌کان که له ئێران‌دا هاتوونه‌ته گۆ‌ڕێ.
له‌سه‌ر هه‌بووونی میکانیزمێک که ئه‌و حیزبه خۆی له‌ناو خانه‌ی کۆمه‌ڵگادا ببینێته‌وه و شانه‌کانی ناوخۆی به‌هێز بکات به له‌به‌رچاوگرتنی پێوه‌ندی حکوومه‌تی تاران له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و له‌گه‌ڵ ئه‌و رێکه‌وتنانه‌ی که له نێوان تاران و هه‌ولێردا هه‌ن له خالید عه‌زیزی ده‌پرسین؛
له وه‌لامدا ده‌ڵێ: ئه‌وه بابه‌تێکی سه‌ره‌کییه، نه‌ک ته‌نیا بۆ حیزبه‌که‌ی ئێمه به‌ڵکوو بۆ هه‌موو حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات. ئه‌وه‌نده په‌یوه‌ندی به حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بێت، ئێمه پێمان باشه و زۆریش سروشتییه و ئه‌مه مانای دان پێدانانه به حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، پێمان خۆشه حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران نوێنه‌رایه‌تی هه‌بێت و ئاڵای کوردستان هه‌ڵدرێت و بڵێن ئه‌وه ئێره نوێنه‌رایه‌تی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه و پێمان خراپ نییه و زۆریشمان پێ باشه.به‌لام لێره‌دا ئاماژه به‌یه‌ک بابه‌ت ده‌که‌م ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که خه‌بات و جقوڵانه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و حیزبه‌کانی کوردستان نابێت ببێت به به‌شێک مناسه‌باتی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ تاران. ئه‌و موناسه‌باته مافی سروشتی خۆیانه، ئێمه‌ش له ناوخۆی وڵات جموجووڵی و چالاکی سیاسیمان هه‌بێت ئه‌وه‌ش مافی سروشتی خۆمانه.
زۆرێک له چاودێران ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان له حیزبی دێموکرات و دیکه‌ی حیزبه‌کان گرتووه که به کۆتایی هاتنی خه‌باتی چه‌کداری ئه‌وانیش به‌ته‌وای پاسیڤ بوون. له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی میکانیزم بۆ چالاکیی سیاسی عه‌زیزی باس له فه‌لسه‌فه‌ی دامه‌زراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ده‌کات و ده‌گه‌ڕێته‌وه 62 ساڵ به‌ر له کاتی دیداره‌که‌مان.
ئه‌و گوتی: ئه‌گه‌ر بڕێک بگه‌ڕێمه‌وه بۆ رابردوو، فه‌له‌سه‌فه‌ی دامه‌زراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان که کۆماری کوردستانیشی دامه‌زراند فه‌لسه‌فه‌یه‌کی مه‌ده‌نی بوو. حیزبێک بوو‌و بۆ ئیداره‌ی و ڵات دامه‌زرابوو. و له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆر شتی باشی کرد. ئه‌و بنه‌مایه هه‌میشه له‌و حیزبه‌دا هه‌بوو. به‌لام ده‌بێ چۆن بکه‌ین تاوه‌کوو ئه‌و بنه‌مایه له داهاتوودا به‌هێزتر بکه‌ین؟ ئه‌ویش ئه‌وه‌ی که حزبه‌که‌ی ئێمه هه‌موو لایه‌نێک له دروستکردن و به‌هێزکردنی جووڵانه‌وه‌ی مافخوازی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا چالاک‌تر بن، ئێمه هه‌موو شت ته‌نیا به سیناریۆی سیاسی نه‌به‌ستیه‌نه‌وه که ئێمه کێشه‌یه‌کی سیاسیمان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی تاران هه‌یه و تاوه‌کوو ئه‌و کێشه‌یه جێبه‌جێ نه‌بێت هیچ شتێک جێبه‌جێ نابێت. ده‌بێت خه‌ڵک هان بده‌ین، خه‌ڵک په‌روه‌رده بکه‌ین، خه‌ڵک فێر بکه‌ین تاوه‌کوو به‌شێک له داخوازییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆیان رۆژانه بهێننه به‌ر باس هه‌مووی ئه‌وانه نه‌خه‌ینه په‌نجه‌ره‌ی سیاسی و حزبایه‌تییه‌وه چونکه ماف له راستیدا دیارده‌یه‌کی سیاسی نییه، ماف دیارده‌یه‌کی حقوقی کۆمه‌ڵایه‌تییه، هه‌وڵ بده‌ین که له‌و مه‌یدانه‌دا ده‌ستیان ئاوه‌ڵه بێت و جه‌م وجۆڵ بکه‌ن، ئێمه‌ش به‌شێوه‌یه‌ک دانوستان بکه‌ین که له بوواری ئه‌منیه‌تیه‌وه کێشه‌یان بۆ دروست نه‌که‌ین. به‌ڵام به هۆی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌ست بکه‌ین که ئێمه دوڵای یه‌ک بابه‌تین.ٍ ئێمه له ئۆپۆزیسیۆن و له ده‌ره‌وه ئه‌وان له ناو وڵات‌دا. ئێمه یه‌ک شتین وجا به‌چ شێوه‌یه‌ک له داهاتودا ده‌توانین ئه‌و پرده دروست بکه‌ین، له ناوبه‌ر ناوخۆی وڵات وده‌ره‌وه‌ی وڵات، ڕه‌نگه ئێستا من نه‌توانم بچمه ناو ورده‌کاریه‌کان ئه‌وه بابه‌تێکی به‌هێزه و هیواخۆازم ئه‌و باسانه زیاتر بینه کایه‌وه.
له ماوه‌ی دوساڵی ڕابردودا پارته‌کانی رۆژهه‌ڵات زۆربه‌یان تۆشی ئینشعاب ولیکترازان هاتن و په‌یوه‌ندیی ناوبه‌ریشیان تووشی ئالۆزیی و لیڵی هاتووه، وه‌ته‌بێژی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی حیزبی دیمۆکرات له گه‌ڵ هێزه‌کانی دیکه به‌م شێوه‌یه بۆ ڕینێسانس دوا:
ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه هه‌یه و ئووسوله‌ن به حیزبایه‌ته‌وه به باوه‌ری من، هیچ حیزبیک ناتوانی شه‌رعیه‌ت له هیچ حیزبێکی دیکه وه‌رگرێت. جه‌معێک که به‌یه‌که‌وه کۆده‌بنه‌وه و پرۆژه‌یه‌کی سیاسی‌یان هه‌یه و به‌یه‌که‌وه کار ده‌که‌ن و بۆخۆیان سیاسه‌تی خۆیان دیاری ده‌که‌ن، بۆ خۆیان هه‌ڵوێست ده‌گرن و چالاکیان ده‌بێت. ئه‌وه هه‌ڵبژاردنه له داهاتودا هێز دیاری ده‌کات. ئه‌گه‌ر رۆژگارێک له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد هه‌بێت، باشترین دادوه‌ر له سیاسه‌تدا سه‌ندوقه‌کانی ده‌نگدانن، به‌داخه‌وه هیچیه‌ک له حیزبه‌کانی کوردستان ئه‌و هه‌له‌یان نییه.
یه‌کێک له‌و پارتانه‌ی که له رۆژهه‌ڵات چه‌ند ساڵیکه دامه‌زراوه پژاکه، حیزبی دیمۆکرات له هه‌ڵوێسته‌کانی پێشویدا باسی له‌وه ده‌کرد که پژاک هێزێکی سه‌ربه‌خۆ نییه و سه‌ر به په‌که‌که‌یه و ئه‌گه‌ر قه‌راربێ دانوستانمان هه‌بێ ئێمه له گه‌ڵ په‌که‌که‌ی ده‌که‌ین، به‌لام دوای له‌تبوونی حیزبی دێموکرات سه‌رکردایه‌تیی هه‌ردوو حیزب چه‌ند جارێک کۆبوونه‌وه.
خالید عه‌زیزی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی حیزبه‌که‌ی له گه‌ڵ پژاک ته‌نیا گوتی: هه‌مووی چه‌ند حه‌وتوویه کۆنگره‌مان ته‌واو بووه و ئێستا نه‌پرژاوینه سه‌ر ئه‌و باسه.
ناوبراو به‌ڵام له سه‌ر په‌یوه‌ندیی حیزبه‌که‌ی له‌گه‌ڵ باڵه‌کانی کۆمه‌ڵه گوتی: ئێمه هیچ لایه‌ک به‌سه‌ر هیچ لایه‌کدا ته‌جریح ناده‌ین. له راستیدا ئێمه له سیاسه‌ت و بۆچوونی خۆمان په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌ر‌سێک لای کۆمه‌ڵه هه‌یه و بنه‌ماکه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه نییه که له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه بین و لایه‌که‌ی دیکه به‌لاوه بنێین.
گوتیشی: ئێمه په‌یامێک که له کۆنگره‌دا وه‌رمانگرت ئه‌وه بوو‌و که لێکترازان و له‌تبوون ناخۆشترین سیناریۆی ژیانی سیاسی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه سیناریۆیه‌کی ناخۆش بێت نه ته‌نیا حیزبه‌که‌ی ئێمه، هیوادرام که هیچ حزبێک له‌سه‌ر له‌تبوون سه‌رمایه‌گوزاری نه‌کات و له‌سه‌ر رۆژه‌کانی دوای له‌تبوون یارگیری نه‌کات، ئێمه لانیکه‌م ئه‌وه ناکه‌ین و تا ئێستاش په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی کۆمه‌ڵه دۆستانه بووه و تێده‌کۆشین که یارمه‌تی بده‌ین شکڵی یارگیری له‌ناو حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا ئه‌وه نه‌بێ که ئه‌م حیزب و ئه‌و حیزبه یه‌کده‌گرن له حه‌یفی ئه‌وانی دیکه.
زۆرێک له خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ڕه‌خنه له حیزبی دیموکرات ده‌گرن که بۆچی چالاکیی سه‌ربازی و پێشمه‌رگانه‌یان راگرتووه. حیزبی دێموکرات که له رابردوودا چه‌ندین جار په‌نای بردووه‌ته به‌ر شه‌ری چه‌کداری، به تایبه‌ت له دوای راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران له ساڵی 1979 (1357) تاوه‌کوو سه‌رتای ده‌یه‌ی 90و له‌م رێیه‌شدا هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی لێکوژراوه.
عه‌زیزی له‌سه‌ر ئه‌و شیوازه‌ی خه‌بات و له وه‌ڵامی ڕه‌خنه‌کاندا ده‌ڵێت: زۆر باش و زۆریش ناخۆش بوو که حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبه‌کانی دیکه هه‌ر به شێوه‌یه‌کی سیڤل و ئازاد له کۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چالاکی سیاسی‌یان هه‌بایه، مادام ئه‌وه نییه و حکوومه‌تی تاران ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئێمه‌دا سه‌پاند و ئێمه‌ی له رێگه‌ی نیزامییه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان نه‌هێشتووه‌ته‌وه به مانای ئه‌وه‌ی که تاران سیناریۆی نیزامی و ئه‌منییه‌تی وه‌لا ناوه. له روانگه‌ی تارانه‌وه یه‌ک حه‌قیقه‌ت هه‌یه ئه‌ویش به دیدی ئه‌منییه‌تی چاو له دۆزی کورد ده‌کات و بۆ رێگه چاره‌ی نیزامی. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌بێ ئێمه‌ش وه‌ک حزبی دیموکراتی کوردستان مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه که ئه‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤه بۆ خۆمان بهێڵینه‌وه. ئێمه ئه‌ڵته‌رناتیڤی شه‌ڕی چه‌کدرایمان وه‌لا نه‌ناوه، وه‌ک ئه‌رلته‌رناتیڤ له جێگه‌ی خۆیه‌تی، به‌ڵام ئه‌کتڤ نییه. به‌هه‌ر ده‌لیلێک بێت حیزبی دیموکراتی کوردستان له حاڵی ئێستادا شه‌ڕی چه‌کداری ناکات. ئه‌وه‌ی که له داهاتوودا چی به‌سه‌ر دێت و بارودۆخی ئێرانه که چی به‌سه‌ر دێت؛ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چۆن ده بێت؛ به ته بیعه‌تی ئه‌و باردۆخه ئێمه گونجاوترین میتۆد یان شێوه هه‌ڵده‌بژێرین له دژی حکوومه‌تی تاران و هیوادراین که گونجاوترین شێوه هه‌ر خه‌باتی مه‌ده‌نی و جموجوڵی سیاسی و چالاکی دیموکرات بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵومه‌رجێکیش هاته پێش که شه‌ڕی چه‌کداری و جموجوڵی پێشمه‌رگانه رێگه‌یه‌کی ئیدئاله ئه‌و کات ئه‌و ره‌وشه هه‌ڵده‌بژێرین.
له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی رۆژئاوا (به‌تایبه‌ت ئه‌مریکا) له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی کوردی رۆژهه‌ڵات و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه له ئێران پرسیار له و‌ته‌بیژی حیزبی دیمۆکرات ده‌که‌م.
ده‌ڵێت: کیشه‌ی رۆژئاوا له گه‌ڵ تاران و له‌گه‌ڵ ئێران له سه‌ر مافی نه‌ته‌وه‌کان نییه، له سه‌ر دیمۆکراسی له ئێران نییه وله‌سه‌ر گۆرێنی حکومه‌تی ئێران نییه. کێشه‌ی جیهانی ده‌ره‌وه له گه‌ڵ تاران پێناسه کراوه به کیشه‌ی ئه‌تۆمی. مادام به‌وه پێناسه‌کراوه ده‌ستووری کارێک له‌لایه‌ن رۆژئاواوه نییه که حکومه‌ت بگۆردرێ و له گه‌ڵ حیزب وسازمان و ڕێکخراوه‌کان ئۆپۆزێسیۆن په‌یۆه‌ندی بگرێت، له راستیدا حکومه‌تی ئێران یاری ده‌کات و رۆژئاواش به‌شێوه‌ی خۆی به رێگه‌ی قانوونی گوشار بۆ ئێران دێنێت. من ته‌سه‌ور ناکه‌م رۆژئاوا پلان و به‌رنامه‌یه‌کی ئه‌وهای هه‌بێت، چونکه تا ئێستا به شێوه‌یه‌کی ره‌سمی له‌گه‌ڵ هیچ ئۆپۆزسیۆنێکی ئێرانی به گشتی و کورد به‌تایبه‌تی نه دانشتنبی هه‌بووه و نه‌ده‌ستوورێکی کاریش هه‌بووه. له ئێستادا شتێکی ئه‌وها نابینم و له داهاتوودا چی به‌سه‌ر بێت، ئێمه ده‌بێت ئه‌و ئاماده‌گییه‌مان هه‌بێت. ئه‌و ئاماده‌گییه‌ش به حیزبێک به ته‌نیا نابێت. ده‌بێت کۆده‌نگی هه‌بێت. ده‌بێت حیزبه‌کان رێکه‌وتنێکی نیسبیان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر دایبنێن سیناریۆی ئیحتمالی بێته گۆ‌ڕێ ئه‌گه‌ر هه‌ر سیناریۆیه‌ک بێته ئاراوه و ئه‌گه‌ر رێک ده‌سته‌ڵات هه‌بێت ده‌توانین یارییه‌که ببیه‌ینه‌وه و یان ببین به به‌شێک له یارییه‌که.
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا و به‌تایبه‌ت دوای هاتنه سه‌رکاری ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و کابینه‌که‌ی، گوشار بۆ سه‌ر چالاکڤانانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌نووسان زۆر زیادی کردووه و له رووی مانشێتی هه‌واڵه‌کان ده‌رده‌که‌وێت که گوشاری ئه‌سلی بۆ سه‌ر چالاکڤانانی بوواری مه‌ده‌نییه.
عه‌زیزی له‌و بواره‌وه گوتی: حکوومه‌تی ئێران پاش دووی خورداد که نه‌وعێک کرانه‌وه له پانتایی سیاسی ئێران هاته کایه‌وه، و دواتر به هۆی چوونه سه‌ری شعوری سیاسی خه‌ڵکی ئێران، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی دووهه‌میان، و به هێزبووونی بنه‌ماکانی بیرکردنه‌وه‌ی مه‌ده‌نی له ئێران زۆر له نیگه‌رانی دایه. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه که ئێران وڵاتێک نییه وا به ئاسانی وه‌ک ئه‌فغانستان یان وه‌ک و ڵاتێکی ئه‌فریقایی یان وه‌ک وڵاتێکی عه‌ره‌بی حیسابی له‌سه‌ر بکرێت. کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران سه‌ره‌رای حکوومه‌تێکی سه‌ره‌ڕۆی ئایینی، کۆمه‌ڵگایه‌که که له حاڵی گۆڕان و پێشکه‌وتندایه، له ئێران راده‌ی خوێنده‌واری ژن له زانکۆکان له پیاوان زیاتره، وڵاتێکی خوێنده‌واره، وڵاتێکه که به‌رزه‌فڕیی تێدایه، پێیخۆشه که خۆی به‌رز ببینێت، خۆی له دونیای پێشکه‌وتن و ته‌که‌نه‌لۆژیا و مه‌علومات و خوێندن و ئازادی‌دا ببینێت. به باوه‌ڕی من گرفتی سه‌ره‌کی حکوومه‌تی ئێران ئه‌وه‌یه وه‌ک بووعدی (تاک ره‌هه‌ندی)کردنی ده‌سته‌ڵات له تاران و یه‌کره‌نگکردنی ده‌سته‌ڵات له راستیدا دروستکردنی ئه‌و هه‌له به‌هێزه‌یه بۆ حکوومه‌ت که نه‌هێڵێت ئه‌و زه‌مینانه‌ی که له کۆمه‌ڵگادا هه‌یه شکل بگرێت و خۆی به رێکخستن بکات و له داهاتوودا ئه‌و حکوومه‌ته له‌ناو ببات. سروشتی حکوومه‌تی ئێران یان باڵی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد یان جه‌ماعه‌تی کۆنزێرڤاتیڤه‌کان عه‌لاقه‌مه‌ند نین، ته‌نانه‌ت که‌سێک له خۆشیاندا بیر ناکاته‌وه. بڕیک ریفۆرمخواز ره‌خنه‌یان لێبگرێت و بێن له په‌رله‌ماندا قسه بکه‌ن و ده‌نگ هه‌ڵبرن. من پیموایه ئه‌وه نیگه‌رانییه ئه‌سلییه‌که‌یه؛ نیگه‌رانیی ده‌وڵه‌ت له‌وه‌یه‌که کۆمه‌ڵگای ئێران ره‌نگه له داهاتوودا ئه‌و حکومه‌ته له ناوببات و ته‌حه‌مولی نه‌کات. سروشتییه که ده‌بێت به سه‌ر هێندیک خه‌ڵکدا بشکێته‌وه چونکه ئه‌و خه‌ڵکه چ کورد وچ غه‌یره کورد که وه‌ک خوازیارانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی تێده‌کۆشن و هاتونه‌ته کایه‌وه، لێیان بده‌ن.لێدانی ئه‌وان و ئێجازه نه‌دان به وان، به مانای ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکی دیکه هه‌ر ده‌رفه‌تی نابێت قسه بکات.
ئه‌و به‌لام پێشی وایه که: ئه‌و کێشه‌یه له ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت و کۆمه‌ڵگای ئێرانیش ته‌سلیم نابێت و ئه‌و جموجۆله زیاتر نه‌هادینه ده‌بێت. شه‌پۆلی چاندیکی مه‌ده‌نی له ناو ئێران وایکردوه که له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش ئه‌و شێوه چالاکییه روو له زیادبوون بکات و ئه‌م چالاکییانه له ئێستادا به جۆرێک بۆشایی نه‌بوونی حیزبه‌کانیان پڕکردۆته‌وه. ئه‌م چالاکڤانانه له ژێر گوشاری حکومه‌تدان و تا ئێستا چه‌ندین که‌سیان له زیندانه‌کانی ئێراندان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان حوکمی له سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پاوه. عه‌زیزی له‌و بواره‌وه ده‌ڵێت: به هێز بووونی جه‌ریانه مه‌ده‌نیه‌کان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و به هێز بووونی بنه‌ماکانیان و نهادینه بوونیان و چالاک بوونی خوڵکیکی زۆر له‌وان حیزبه‌کان ئه‌کتیڤ ده‌کات. بۆ ئه‌کتێڤیان ده‌کات؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و جموجۆله له‌وێدا خۆبگرێت و به‌هێز بێت و بێته ئارا‌و شت بڵیت و شت بنووسێت وخۆ به‌رێکخستن بکات ومێتۆدو میکانیزمی جموجۆڵ ببێنێته‌وه حیزبه‌کان ناچار ده‌بن ئه‌کتیڤ بن، من پێمخۆشه ئه‌مه له‌وێ به‌هێزبێت. بۆ پێم خۆشه؟ پێمخۆشه گوشارێکی سیاسی له سه‌رحیزبه‌کان بێته گۆ‌ڕێ و بڵێت حیزبه‌کان ئه‌گه‌ر ئێوه ئه‌م جموجۆلانه هیدایه‌ت نه‌که‌ن و بۆچوونی خۆتانی نه‌خه‌نه پاڵ و به هێزی نه‌که‌ن لێی وه ده‌وا ده‌که‌ون، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و جمووجوڵه له‌وێ به‌هێز بێت تۆ رووبه‌رووی هه‌ندێک ئه‌ڵته‌رناتیڤ ده‌بیته‌وه ئه‌ویش جمووجوڵی خه‌ڵکه، چونکه جمووجوڵی خه‌ڵک لێت قبووڵ ناکات. لێره ئێوه له‌گه‌ڵ یه‌کتر رێک ناکه‌ون، هاوده‌نگیتان نییه، شت به یه‌کتری ده‌ڵێن، ئه‌وه نابێت. من ده‌قیقه‌ن نه‌زه‌رم ئه‌وه‌یه و پێمخۆشه جمووجوڵی مه‌ده‌نی له نێوخۆی کوردستان ئه‌وه‌نده به‌هێز بێت که هه‌موو حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ناچار بکات چالاک بن و لێک نزیک ببنه‌وه و یان له‌وێدا رۆڵ ببینن.
له بواری ده‌رونییه‌وه حیزبه کوردییه‌کان له پشت هه‌موو رووداوێکی سیاسی یان جه‌ریانێکی سیاسی "پیلان"ێک ده‌بینن. ئه‌و شێوه روانیینه له نێو پارته‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا وایکردووه که له رابردوودا سه‌باره‌ت به چالاکیی سیاسی و مه‌ده‌نی هه‌ندێک رێکخراو به گومانه‌وه سه‌یری که‌سانێک بکرێت.
له‌م باره‌وه له خالید عه‌زیزی پرسیار ده‌که‌م. ئه‌و ئاوا وه‌ڵامی دامه‌وه: چالاکی خه‌ڵک له کۆمه‌ڵگادا، به‌هێزکردنی بنه‌ماکانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و چالاکی مه‌ده‌نی، و ئه‌وه‌ی که ئێستا به‌شێکی زۆری له قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستان و رووناکبیران و خوێنده‌واران به ژن و پیاوه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌یکه‌ن، هیچ به "پیلان"ی نازانین و خه‌باتی سیاسی شتێکی ئاشکرایه و هه‌وڵ و تێکۆشانی ئه‌وان شتێکی له‌به‌ر چاوه و نووسینه‌کانی ئه‌وان دیفاع له بنه‌ماکانی دیموکراسی له کوردستان ده‌کات و شتێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره. ئه‌وان هه‌وڵده‌ده‌ن و ده‌پرسن "بۆ حکوومه‌تی تاران به چاوی ئه‌منییه‌تییه‌وه چاو له کوردستان ده‌کات و کوردستانی به‌م شێوه‌یه پاشکه‌وتوو راگرتووه، بێ‌کاری تێدا زۆره، مادده هۆشبه‌ره‌کانی تێدا زۆر بوووه، رێگاوبانه‌کانی کۆنه، کارخانه‌ی لێنییه، بووودجه‌ی لاوازه"؛ ئه‌وانه هه‌موو شتێکی ئاشکران و دیفاعکردن له‌وانه هیچ پیلان و ته‌وته‌ئه نییه و ئه‌وه ئه‌رکی هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵگه‌یه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له جمووجوڵی ئه‌وانه‌یه ئه‌مانه هه‌موو شتێکی ئاشکران و نه ته‌نیا به پیلانی نازانم به‌ڵکو به هه‌نگاوێکی باشی ده‌زانم.
له درێژه‌دا عه‌زیزی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی حیزبه‌که‌ی له‌گه‌ڵ بزاڤی مه‌ده‌نیی ناو وڵات قسه ده‌کا و ده‌ڵێ: ئێمه له راستیدا له رابردوویشدا هه‌وڵمانداوه تار راده‌یه‌کی زۆر که‌سایه‌تییان پێ بده‌ین و نه‌بین به له‌مپه‌ریان و بڵێین ئێمه به هه‌ردوولامان به یه‌که‌وه خه‌باتی رزگاریخوازی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ته‌واو ده‌که‌ین. خوالێخۆشبووو موهه‌ندیس به‌هائدینی ئه‌ده‌ب ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئێران بوو، زۆر زوو زۆرجار وتووێژی هاوبه‌شی رادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنیمان هه‌بووو به یه‌که‌وه، ئه‌گه‌ر من وه‌ک نوێنه‌ری حیزبی دیموکراتی کوردستان له ده‌ره‌وه له وتووێژ و باسه‌کاندا به‌شداریم ده‌کرد هه‌روه‌ها هاوکارانی من له دوای من عه‌ینی ئه‌و کارانه‌یان ده‌کرد و ئێستاش به‌رده‌وامه؛ هه‌مووی به‌مانای ئه‌وه‌یه که ئێمه عه‌لاقه‌مه‌ندین که که‌سایه‌تییان پێبده‌ین و پێمانخۆشه ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گونجێت بۆ حاڵی ئه‌وانیش گونجاوه هیچ کێشه‌یه‌کی ئه‌منی و یاساییان بۆ دروست نه‌که‌ین و پشتگیریان بکه‌ین.
خه‌باتی مه‌ده‌نی له باکووری کوردستان، به له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی سیسته‌می تورکیا، توانیویه‌تی به موازاتی خه‌باتی په‌که‌که بچێته پێش، به له‌به‌ر چاوگرتنی جیاوازی سیسته‌مه‌کانی تورکیا و ئێران ئایا ئه‌و شێوه خه‌باته له ئێران وه‌ڵامده‌ره ده‌بێ؟
عه‌زیزی گوتی: سه‌ره‌رای ئه‌وه‌یکه تورکیه ده‌وڵه‌تێکی زۆر دژ به کورده، زۆر شۆڤینسته له ئاست مه‌سه‌له‌ی کورد، به‌ڵام و له تورکیه شێوه‌یه‌ک له ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی دروست بووه، له‌و شێوه‌یه‌دا حیزبێکی کوردی وه‌ک (ده‌ته‌په)ش به‌شێوه‌یه‌ک هاتووه‌ته ناو په‌رله‌مان. ده‌رفه‌ته‌کانی خۆپێشاندان و جموجۆلی مه‌ده‌نی و خه‌ڵک برژێنه سه‌رشه‌قام له‌وێ هه‌یه، له ئێران زمانی کوردی قه‌ده‌غه نه‌بووه و ئازاد بووه، کورد له ئێران‌دا دانی پێدا هێنراوه به‌ڵام به لایه‌نی سیاسییه‌وه ئه‌و مه‌جالانه‌ی له تورکیه که‌م تا زۆر هه‌بووه بۆ دروستکردنی ئه‌و جۆره حیزبانه له کۆمه‌ڵگادا، ئه‌و مه‌جاله له ئێران نه‌بووه. من پێموانییه له ئێران وا به ئاسانی ئه‌و مه‌جاله بده‌ن. ده‌نا به‌نیسبه‌ت ئێمه وه‌ک حیزبی دێموکراتی کوردستان زۆر باشه ته‌نانه‌ت به‌ره‌ی کورد دروست بوو و قه‌ت له دژی نه‌بووین و به‌شتی باشمان زانیووه و ئاواتی سه‌رکه‌وتنمان بۆ خواستونه و هیودار بووینه که ئه‌وان له ناوخۆیاندا کۆ بکه‌نه‌وه و نیگه‌رانیش نیین ئه‌گه‌ر له داهاتوودا ببن به جه‌ریانیکی سیاسیش، هیچ نیگه‌ران نین وبه هیوام ئه‌وان بتوانن به گوێره‌ی توانای خۆیان و له ئاستی خۆیاندا بنه‌مای شتێکی وا له ئێران دروست بکه‌ن. ئێمه زیاتر ئه‌و شێوازه خه‌باته له‌ناوخۆدا به باش ده‌زانین که مه‌ترسی گیانی بۆ خه‌ڵک و بۆ چالاکڤانانی له‌به‌ردا نه‌بێت وه‌ک ناره‌زایه‌تیی مه‌ده‌نی خۆپێشاندانی مۆدێرن.
