ئا: مادێح ئه‌حمه‌دی (به‌شی یه‌که‌م)
ئاماژه: "حیزبی دیموکراتی کوردستان" دوای8 رۆژ کاری به‌رده‌وام رۆژی 13/3/2008 کۆتایی به کاره‌کانی کۆنگره‌ی چارده‌یه‌می خۆی هێنا. ئه‌م کۆنگره‌یه له چه‌ند ره‌هه‌نده‌وه جێ لێکدانه‌وه و تێڕامانه و سه‌رنجێکی زۆری به‌ره‌و لای خۆی راکێشاوه. حدک له‌م کۆنگره‌یه‌دا دروشمی "دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له چوارچێوه‌ی ئێرانێکی دیموکراتیکی فێدراڵ‌دا" هه‌ڵگرتووه‌و له ئاراسته‌ی به‌هێز کردنی مافی ئه‌ندامه‌کانیشیدا، چه‌ند گۆڕانێکی له ئه‌ساسنامه‌ی خۆیدا پێکهێناوه.
به‌مه‌ستی له‌نزیکه‌وه ئاگادار بوون له‌و گۆڕانکارییانه‌ی که له‌م کۆنگره‌یه‌دا خۆڵقان، دیمانه‌یه‌کمان له گه‌ڵ "خالید عه‌زیزی"، وته‌بێژی کومیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئه‌نجام داوه که له خوارێ به‌شی یه‌که‌می لێ ده‌خوێننه‌وه.
خالید عه‌زیزی، ئه‌گه‌ری چی ئێستا "وته‌بێژه" و وه‌ک که‌سی یه‌که‌می ئه‌وحیزبه‌ش چاوی لیده‌کرێ، شیمانه ده‌کرێت له چه‌ند مانگی داهاتوودا وه‌ک سکرتێری حیزبه‌که‌ی درێژه به کاره‌کانی بدات.
پرسیار: بۆ ده‌ست پێکردنی باسه‌که سه‌ره‌تا پێمان خۆشه باس له‌و ئاڵوگۆڕانه بکه‌ی که له کۆنگره‌ی چارده‌یه‌می "حیزبی دیموکراتی کوردستان"دا هاتوونه‌ته گۆڕێ؟
خالید عه‌زیزی: جێگای خۆیه‌تی که له‌پێشدا ئاماژه‌یه‌ک به‌و مژاره‌ی بکه‌م که بوو به هۆی پێکهاتنی ئه‌و کۆنگره‌یه. کۆنگره‌ی چارده‌یه‌می "حیزبی دیموکراتی کوردستان" له‌سه‌ر مژارێک پێکهات، یه‌که‌م به‌و مانایه که پێش کۆنگره ئێمه رامانگه‌یاندبوو که به‌ره‌و کۆنگره ده‌چین. له نێوخۆی حیزب‌دا جموجووڵێکی به‌ربه‌رین وه‌ڕێخرا و ئه‌ندامانی حیزب هاندران بۆ ئه‌وه‌یکه چالاک بن له بابه‌ته جۆراوجۆره په‌یوه‌ندیداره‌کان به داهاتووی حیزب، سیاسه‌تی حیزب، په‌ێڕه‌وپرۆگرام و کۆمه‌ڵێک بابه‌تی دیکه‌ی په‌یوه‌ندیدار. هه‌روه‌ها له ئاستی ده‌ره‌وه‌ش به ئاشکرا رامانگه‌یاند که به‌ره‌و کۆنگره ده‌چین، به‌و مانایه که داوامان له خه‌ڵکێکی غه‌یره حیزبی، هه‌م له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و هه‌م له نێوخۆی وڵات کرد که به گوێره‌ی ئیمکان و توانای خۆیان به‌شدار بن له‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی که ئێمه چاوه‌ڕوانمان ده‌کرد له کۆنگره‌دا پێک بێ. گه‌روایه بواره‌که‌ی له باری چه‌ند و چۆنی به‌شداری خه‌ڵک چ له نێوخۆی حیزب و چ له ده‌ره‌وه‌ی حیزب تا راده‌یه‌کی گونجاو ده‌کرێ بڵێین به نیسبه‌ت بارودۆخی حیزبێک که ئیمکاناتی به حوکمی ئه‌وه‌ی که نایاساییه و له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته و سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی له ده‌ره‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه و بۆ به‌شداری خه‌ڵک سنوورداره، له بار بوو. ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیداره به‌و ئاڵوگۆڕه‌وه، له ژێر رووناکایی ئه‌و مژاره‌دا له نێو کۆنگره‌دا جموجووڵ و چالاکێکی به‌رچاو له بواره جۆراوجۆره هزری، تیۆری و سیاسییه په‌یوه‌ندار به ستراتیژی و تاکتیک و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی حیزب له گۆڕێ‌دا بوو. له‌سه‌ر یه‌ک، کۆی ئه‌و بۆچوونانه، یا به‌واتایه‌کتر ئه‌و پلۆرالیزمه‌ی که به هۆی ته‌مه‌نی، جینسی و فره‌چه‌شنی جوگرافی که له کۆنگره‌دا بوو تا راده‌یه‌کی زۆر له راپۆرت، هێندێ بڕیارنامه و په‌ێڕه‌و پرۆگرامدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه.
پێکهێنانی فراکسیۆن و گروپ و ئازادی راده‌ربڕین
ئاڵوگۆڕێکی به‌رچاو که ده‌کرێ ئاماژه‌ی پێبکه‌م ئه‌وه‌یه که‌له نێو حیزب‌دا بواری ئه‌وه ره‌خساوه که به گوێره‌ی په‌ێڕه‌وپرۆگرام، ئه‌ندامانی حیزب له چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته‌کانی حیزب‌دا له نێوخۆی حیزب له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێک که پێیانخۆشه کۆده‌نگیان هه‌بێ و فراکسیۆن و گرووپ ساز بکه‌ن و به‌شێوه‌ی نێوخۆیی بۆچوونی خۆیان ده‌رببڕن و چالاک بن. ئه‌وه به شێوه‌ی کۆلێکتیڤ یا گشتی له حیزب‌دا. ئه‌ندامی حیزب سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ێکه ئه‌رکییه‌تی به گوێره‌ی په‌ێڕه‌وپرۆگرام و ئه‌رکی ئه‌ندامه‌تی به‌رگری له سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌کانی حیزب دیموکراتی کوردستان بکات، له هه‌مانکاتدا ئه‌و مه‌جاله‌شی هه‌یه که وه‌ک تاکێکی کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بابه‌تی جۆراوجۆری هزری و تیۆری، سیاسی به ناوی خۆیه‌وه شت بڵێ و شت بنووسێ و بیروبۆچوونی خۆی ده‌رببڕێ و ره‌خنه بگرێ. گه‌ر وایه له‌و بابه‌ته‌وه به نیسبه‌ت ئه‌و پارتانه‌ی که کولتووری رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستیان له سیاسه‌ت و حیزبایه‌تیدا هه‌یه، ئێمه هه‌وڵمانداوه که ئاسایشێک بۆ ئه‌ندامانی خۆمان له نێوخۆی حیزب دابین بکه‌ین. ره‌نگه به پێی ئه‌وه کولتووره حیزبایه‌تییه‌ی که له ناوچه‌که‌دا باوه، ئه‌م بابه‌ته کۆمه‌ڵێک گرفت و کێشه‌ی تایبه‌تی خۆشی هه‌بێ، به‌و مانایه که حیزبێک چۆن ده‌توانێ له نێوخۆی‌دا هێنده فراکسیۆن و گرووپی هه‌بێ، ئایا ئه‌مه مه‌ترسی نییه که ئه‌و فره‌چه‌شنییه له درێژ ماوه‌دا کێشه و ناکۆکی لێبکه‌وێته‌وه و له ئاکامدا دابڕان و جیابوونه‌وه‌ی لێ شین بێ؟ سه‌ره‌ڕاێ هه‌موو ئه‌م لێکدانه‌وانه، ئێمه به دروست و گونجاومان زانی که ئه‌ندامانی حیزب ئه‌گه‌ر شتێکیان هه‌بێ له ده‌ره‌وه‌ی حیزب ئه‌وه نه‌که‌ن و به ئاشکرا له نێوخۆی حیزب له چوارچێوه‌ی ئه‌و شته‌ی که بۆخۆیان هه‌یانه پرۆپاگه‌نده و چالاکی بۆ بکه‌ن. له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونانه هه‌ر گرووپ و فراکسیۆنێکی نێو حیزبی ئه‌رکییانه که به‌رگری له سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌کانی حیزب بکه‌ن.
ئێمه کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاریمان له په‌ێره‌وپرۆگرامدا پێکهێناوه که ده‌کرێ له سێ روانگه‌وه تیشکیان بخه‌ینه سه‌ر:
1ـ به‌هێز کردنی بنه‌ماکانی کۆده‌نگیێکی نه‌ته‌وه‌یی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان
ئێمه هه‌وڵمانداوه که بنه‌ماکانی کۆده‌نگیێکی نه‌ته‌وه‌یی، یه‌کگرتوویه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له نێوخۆی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به هێز بکه‌ین و هه‌ڵگری پرۆژه‌یه‌ک بین که خه‌ڵکێکی زۆر له هه‌موو پارێزگاکانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به هه‌موو فره‌چه‌شنیێکی زاراوه‌یی، ئایینی که کوردن خۆیان له‌و پرۆژه‌ی ئێمه‌دا ببیننه‌وه. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر بنه‌مای ئه‌و کۆده‌نگییه نه‌ته‌وه‌ییه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به هێز بکرێت، پێگه و قورسایی ئێمه له هه‌موو جۆره دژ کرده‌وه‌یه‌ک به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی تاران به‌هێز و پته‌و ده‌کات. ئه‌وه به‌و مانایه که ئێمه ویستوومانه پارامێترێک دابنێین که خه‌ڵکانێکی زیاتر بێنه ناو گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت و چالاکی و جموجووڵه‌وه و ئه‌و په‌یامه‌یان پێبده‌ین که حیزبه‌که‌ی ئێمه له داهاتوودا تێده‌کۆشێ ئه‌و بنه‌مایانه به‌هێز بکات.
پێم خۆشه لێره‌دا ئاماژه به شتێک بکه‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که حیزبی ئێمه کاتی خۆی کۆماری کوردستانی دامه‌زراندووه و له چۆنیه‌تی و تاقیکردنه‌وه و هێنانه‌مه‌یدانی بیرۆکه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌زموونی هه‌یه. دیاره ئه‌مه شتێکی تازه نییه، به‌ڵام ئێمه ده‌مانهه‌وێ له‌سه‌رده‌می ئێستادا به شێوه‌یه‌ک که گونجاوی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و نێوخۆی ئێرانه تێ‌بکۆشین و کار بکه‌ین ئه‌و بنه‌ما نه‌ته‌وه‌ییانه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پته‌وتر بکه‌ین. له‌و بابه‌ته‌وه تاڕاده‌یه‌کی زۆر هه‌وڵمانداوه که خاڵ و به‌نده‌کانی په‌ێڕه‌وپرۆگرام به شێوه‌یه‌ک بێ که له‌گه‌ڵ ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌کی و گشتییه بێته‌وه.
2ـ پێگه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و داهاتووی تاران‌دا
له رووی سیاسییه‌وه تا ئه‌و جێگه‌ی که په‌یوه‌ندی به چۆنییه‌تی پێگه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له تاران و له چوارچێوه‌ی جوگرافیای ئێران هه‌یه، ئێمه جۆرێک هه‌وڵمانداوه که خوێندنه‌وه‌ێک له فیدرالیزم بکه‌ین که له مه‌یدانی دانوستان و مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ تاران‌دا، پێگه و قورسایی کورد له‌و مامه‌ڵه‌کردنه‌دا تاڕاده‌یه‌ک روون و له‌بارتر بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ده‌بێ هه‌وڵبده‌ین له داهاتوودا خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ له ئێران بکرێت. مادام ئه‌و خوێندنه‌وه نوێیه‌کرا، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ئه‌و په‌یامه بده‌ین به ژووره‌وه و به ده‌ره‌وه که هه‌رکه‌س یا هه‌ر لایه‌نێک یا هه‌ر ده‌سه‌ڵات و پێکهاته‌یه‌کی حکومه‌تی داهاتووی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و جووڵانه‌وه‌ی سیاسی کوردی رۆژهه‌ڵات له‌به‌ر چاو نه‌گرێ، ناتوانێ له تاران ئاسایش و ده‌سه‌ڵاتی یاسا مسۆگه‌ر بێت. به‌و مانایه که ئێمه تێده‌کۆشین ناوه‌ندگه‌رایی له تاران نه‌بێت، ده‌سه‌ڵات دابه‌ش بکرێ. بۆ ئه‌وه‌ش پرۆژه‌مان ئه‌وه‌یه که له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی ئێران کۆده‌نگیێکمان هه‌بێ و هه‌وڵبده‌ین پلاتفۆرمێکی هاوبه‌شمان هه‌بێ، تێ‌بکۆشین ده‌نگێکی هاوبه‌شمان له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی و پلۆرالیزمی سیاسی هه‌بێ. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و سیگناڵه بده‌ین به تارانی داهاتوو که ده‌سه‌ڵات، ناوه‌ندگه‌رایانه نه‌بێ. له‌هه‌مانکاتدا له‌گه‌ڵ پارته سیاسییه‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستان به تایبه‌تی، بۆ ئه‌وه‌یکه پێگه‌ی کورد له چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردن و دانوستان له‌گه‌ڵ تاران به‌هێز و پته‌و بێ ئه‌وه بێته گۆڕێ که ده‌بێ حیزبی دیموکراتی کوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه په‌یوه‌ندی و نێوان خۆشی هه‌بێ. ئه‌مه‌ش به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌یه که ئێمه له پانتای سیاسیی‌دا هێناومانه‌ته گۆڕێ.
3ـ دیسانتراڵیزه کردنی ده‌سه‌ڵات له نێوخۆی حیزب‌دا
لایه‌نێکی دیکه‌ی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه په‌یوه‌ندی به چۆنیه‌تی دیسانتراڵیزه‌کردنی ده‌سه‌ڵات له نێوخۆی حیزب‌دا هه‌یه. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که سکرتێر دوو جێگری هه‌یه، کۆمیسیۆنێک به ناوی "کۆمیسیۆنی پارێزگاری له په‌ێڕه‌وی نێوخۆ" دروست کراوه. ئه‌م کۆمیسیۆنه که له کۆنگره‌دا په‌سه‌ند کراوه و ئه‌ندامانی هه‌ڵبژێردراون هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌ری نییه و هیچ ده‌سه‌ڵاتێکیشی له رێبه‌ری حیزب‌دا نییه، به‌ڵام تێده‌کۆشێ وه‌ک ئاپاراتێک، وه‌ک ده‌زگایه‌ک چاو‌دێر بێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌ندام له نێو حیزب‌دا مافی پێشێل ناکرێ، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێک هه‌ستی به‌وه کرد که مافی پێشێل کراوه‌و په‌ێڕه‌و به گوێره‌ی پره‌نسیپه گشتییه‌کان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌کرد، ئه‌و ئه‌ندامه مافی خۆیه‌تی سکاڵا بداته ئه‌و کۆمیسیۆنی پارێزگارییه. ئه‌و کۆمیسیۆنه‌ش لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌کات و به پێی په‌ێڕه‌و بابه‌ته‌که لێکده‌داته‌وه و راپۆرتی خۆی ده‌داته‌وه به کومیته‌ی ناوه‌ندی و کومیته‌ی ناوه‌ندی ئه‌وکات بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات. واته کۆمیسیۆنی پارێزگاری شتێکه زۆرتر بۆ ئاسانکاری کومیته‌ی ناوه‌ندی و ده‌فته‌ری سیاسی که کومیته‌ی ناوه‌ندی و ده‌فته‌ری سیاسی به کێشه‌ی ته‌کنیکی و حقوقی ئه‌ندامانه‌وه سه‌رقاڵ نه‌بێ و کاتی خۆی بۆ کاری سیاسی و پرۆژه و به‌رنامه بۆ داهاتووی حیزب ته‌رخان بکات. یه‌کێک له هۆیه‌کانیشی ئه‌وه بووه که له رابردوودا زۆرتر گرفتی پێشێل بوونی مافی ئه‌ندامانی حیزب بووه به گرفتی کومیته‌ی ناوه‌ندی و ده‌فته‌ری سیاسی و کاتێکی زۆری به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ کردووه، له واقیعدا ده‌کرێ بڵێم له‌و بوارانه‌دا کۆمه‌ڵێک ئاڵوگۆڕ کراوه که به‌رچاون.
ساڵی لێکترازان و نێوان ناوخۆشی پارته‌کان
شتێکی دیکه که پێویسته ئاماژه‌ی پێبکه‌م ئه‌وه‌یه که ئێمه به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی که ساڵی رابردوو و ته‌نانه‌ت پێشتریش ساڵی لێکترازان و له‌تبوون و لێک‌دابڕان و نێوان ناخۆشی له نێوخۆی حیزبه‌کان و ده‌وروبه‌ریان له‌گه‌ڵ یه‌ک بوو به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتووین که به‌داخه‌وه ئێمه تا ئێستا نه‌مانتوانیوه هه‌موو لایه‌کمان به‌یه‌که‌وه له شوێنێک یه‌کبگرین و رێکه‌وتنێکمان هه‌بێ و له‌سه‌ر هه‌ندێ شتی سه‌ره‌تایی که ببێ به بنه‌ماو ئێمه لێک‌نزیک بکاته‌وه کۆده‌نگی و هاوده‌نگیمان هه‌بێ. لێره و ئێمه رامانگه‌یاندووه هه‌وڵده‌ده‌ین که به جۆرێک له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ک مامه‌ڵه بکه‌ین و به‌و قه‌ناعه‌ته‌یان بگه‌یه‌نین که مه‌سه‌له‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، مه‌سه‌له‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری و به‌ربه‌رینه و پرۆژه‌یه‌کی گشتییه و له سنووری حیزبێکدا نییه و حیزبێک به ته‌نیا ناتوانێ ئه‌و ئه‌رکه به‌جێ بگه‌یه‌نێ. به‌ڵام حیزبه‌کان به‌یکه‌وه ده‌توانن قورساییه‌کی تایبه‌ت بخه‌نه سه‌ر جووڵانه‌وه و په‌یامێکی تایبه‌ت بده‌ن به کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان. لێره‌شدا ئێمه‌ش تێده‌کۆشین که له داهاتوودا به‌یارمه‌تی ئه‌ندامانی حیزب و جۆرێک لێک تێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی دیکه له‌م باره‌وه سیناریۆیه‌ک بکه‌ینه‌وه.
چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ لایه‌نی به‌رامبه‌ر
بابه‌تێکی دیکه که هه‌ر په‌یوه‌ندی به‌و مه‌سه‌له‌ی نێوان ناوخۆشی پارته‌کانه‌وه هه‌یه، چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندیمانه له‌گه‌ڵ لایه‌نی به‌رامبه‌رمان (حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران). یه‌که‌م ئێمه له‌تبوون و دیارده‌ی له‌تبوونمان پێ ناخۆشه و به شتێکی باشی نازانین و پێشمان وانییه که ئه‌مه تراژێدیایه. ئه‌و له‌تبوونه سه‌ره‌ڕای لایه‌نی خراپی خۆی کۆمه‌ڵێک پرسیاری دروست کردووه، کۆمه‌ڵێک بابه‌تی له‌سه‌ر نووسراوه. هه‌موو ئه‌مانه ره‌نگه له روانگه‌ی جۆراوجۆره‌وه خه‌ڵکی هاندابێ به‌ره‌و تێفکرین و خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ و پێداچوونه‌وه. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه به پێ سروشتێک که هه‌ر دوو حیزبی دیموکرات (حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) رابردوویه‌کی هاوبه‌شیان هه‌بووه و هیچ لایه‌نێک ناتوانێ لایه‌ک دیکه له‌و رابردووه بێبه‌ش بکات و هه‌ر دوو ئه‌مری واقیعن له پانتای سیاسی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا. گه‌روایه ئه‌مری واقیع له‌سه‌رده‌می ئێستادا ده‌بێ به‌و جۆره‌ی که هه‌یه قبووڵ بکرێ. مادام به‌و جۆره‌ی که هه‌یه قبووڵ کرا، به‌و مانایه‌ی که دیالۆگ و گفتوگۆ له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا بۆ لێکنزیکبوونه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری ئه‌و له‌تبوونه زۆر پێویسته. له هه‌نگاوی دووهه‌مدا دیتنه‌وه‌ی زمانێکی هاوبه‌ش بۆ هاوکاری له مه‌یدانێکی به‌ربه‌رینی هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و هه‌روه‌ها ئێمه و لایه‌نی به‌رامبه‌ر. له هه‌نگاوی سێهه‌مدا ته‌نانه‌ت یه‌کگرتنه‌وه و به یه‌ک حیزب بوونه‌وه‌ی ئه‌و دوو حیزبه یه‌کێک له‌و ئه‌گه‌رانه‌یه که ئێمه پێش بینی ده‌که‌ین. جا ئه‌وه‌یکه چه‌نده عه‌مه‌لی ده‌بێ و چه‌نده نابێ، ئه‌و لایه‌نه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر کۆمه‌ڵێک فاکتۆر و کۆمه‌ڵێک کارسازی و ئاسانکاری که ده‌بێ له داهاتوودا بێته گۆڕێ. به‌ڵام کومیته‌ی ناوه‌ندی ئه‌و ئیختیارانه‌ی هه‌یه که له داهاتوودا به گوێره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی هه‌ڵوێست بگرێ و بچێته نێو بابه‌ته‌که‌وه.
پرسیار: ئاماژه‌تان به پلۆرالیزمێکی ته‌مه‌نی و جینسی و جۆرێک فره چه‌شنی کرد له کۆنگره‌ی چارده‌یه‌می حیزبی دیموکراتی کوردستاندا. ئایا ئه‌مه ده‌کرێ وه‌ک جیاوازیه‌ک له نێوان ئه‌م کۆنگره و کۆنگره‌کانی پێشوودا چاوی لێ بکرێ؟
خالید عه‌زیزی: من پێموایه له‌و کۆنگره‌یه‌دا ئێمه هه‌نگاوێک چووینه‌ته پێشێ. به پێی پێکهاته‌ی کۆنگره، یه‌که‌م به‌ره‌ی گه‌نج و لاوی زۆر تێدا به‌شدار بوو. دووهه‌م له زۆربه‌ی زۆری ئه‌و ولاتانه‌ی که ئه‌ندامانی حیزبی لێیه له نیوزیله‌ند، که‌نه‌دا، ئه‌مریکا، ئۆسترالیا و وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا نزیکه‌ی 45 که‌س نوێنه‌ر هاتبوونه‌وه. ئه‌وه‌ش فره چه‌شنی جوگرافییه، به‌و مانایه خه‌ڵک له‌و شوێنانه‌ش گرنگیان داوه به چاره‌نووسی حیزب. له لایه‌کی دیکه‌وه رێژه‌ی به‌شداری ژنان، گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێک بکه‌ین بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که له چاو کۆنگره‌کانی پێشوو له‌سه‌ره‌وه بووه. هه‌مووی ئه‌مانه ده‌ریده‌خات که ئه‌م فره چه‌شنییه تا راده‌یه‌ک یه‌کێک له جیاوازییه‌کانی ئه‌م کۆنگره‌یه بووه له‌گه‌ڵ کۆنگره‌کانی پێشوودا. ئه‌مه‌ش له ئاستی رێبه‌ری و کومیته‌ی ناوه‌ندی حیزب‌دا که‌م و زۆر ره‌نگی داوه‌ته‌وه.
کومیته‌ی ناوه‌ندی له ئاستی ته‌مه‌ندا، ده‌کرێ بڵین کومیته‌ی ناوه‌ندییه‌کی گه‌نجه و له‌باره. پێکهاته‌که‌ی جۆرێکه که ژنانیشی له ئاستی جۆراوجۆردا تێدایه. فاکتۆری جوگرافی له‌به‌رچاو گیراوه. له ده‌ره‌وه‌ی وڵات چوار (4) ئه‌ندامی کومیته‌ی ناوه‌ندی و سێ جێگری کومیته‌ی ناوه‌ندیمان هه‌یه. ئه‌مه به‌و مانایه که دان به‌و فره چه‌شنییه‌دا نراوه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که بیرۆکه‌ی دروست کردنی کومیته‌ی ناوه‌ندیه‌کی تاک ره‌هه‌ندی له ئارادا نه‌بووه و کومیته‌ی ناوه‌ندی به‌رهه‌می فره چه‌شنی و پلۆرالیزمه.
درێژه‌ی هه‌یه ... سه‌ر‌چاو‌ه ماڵپه‌ری‌رێنسانس به‌شی‌را‌گه‌یاندنی‌كو‌میته‌ی‌حیزبی‌دێموكراتی‌كوردستان-سوئیس4.4.08www.renesans.info