له‌ وڵامی‌ به‌ڕێز دوكتور عه‌لیره‌زا نووری‌زاده‌ دا: ... دیاری نه‌کراو

له‌ وڵامی‌ به‌ڕێز دوكتور عه‌لیره‌زا نووری‌زاده‌ دا:


ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر دوكتور عه‌لیره‌زا نووری‌زاده‌ داوای‌ له‌ لایه‌نه‌كانی‌ حیزبی‌ دیموكرات كرد كه‌ به‌گرتنی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش ریزه‌كانیان یه‌ك بخه‌نه‌وه‌. له‌م پێِوه‌ندییه‌دا‌و بۆ به‌ پیله‌وه‌ چوونی‌ ئه‌م بانگه‌وازه‌ دڵسۆزانه‌یه‌ مامۆستا عبدالله‌ حه‌سه‌ن زاده


نامه‌یه‌كی‌ سه‌رئاوه‌ڵای‌ بۆ دوكتور نووری‌زاده‌ نووسیوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی‌.
قسه‌ ده‌رێ‌ له‌ دڵ‌، ده‌چێته‌ نێو دڵ‌
جه‌نابی‌ دوكتور نووری‌زاده‌ی‌ خۆشه‌ویست!
 به‌ گیان‌و به‌دڵ‌ گوێم بۆ بانگه‌وازی‌ دڵسۆزانه‌ی‌ جه‌نابت بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ دووباره‌ی‌ خه‌باتگێرانی‌ دێموكرات‌و له‌ویش ئه‌ولاتر یه‌كیه‌تیی‌ ریزه‌كانی‌ هه‌موو تێكۆشه‌رانی‌ كورد راگرت. دڵسۆزیی‌ ئێوه‌ بۆ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان‌و خه‌باتگێرانی‌ رێگای‌ وه‌دیهێنانی‌ مافه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ گه‌شه‌كردن‌و پێشكه‌وتنی‌ خه‌ڵكی‌ سه‌رانسه‌ری‌ ئێران دا نه‌ك هه‌ر بۆ من به‌ڵكوو بۆ هه‌موو لایه‌ك روون‌و حاشا هه‌ڵنه‌گره‌. كه‌ وابوو زۆر سروشتی‌یه‌ كه‌ ئۆگرانی‌ حیزبی‌ دێموكرات داوا له‌ نووری‌زاده‌ بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی‌ سارێژكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و برینانه‌ی‌ وه‌ په‌یكه‌ری‌ حیزبه‌ خۆشه‌وسته‌كه‌یان كه‌وتوون كارێك بكا‌و هه‌نگاوێكی‌ شیاو باوێ‌.
به‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ له‌لایه‌ن هاوخه‌باته‌كانم له‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان دا  رێز له‌و هه‌نگاوه‌تان ده‌گرم‌و به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌روانمه‌ نیازپاكی‌‌و هه‌وڵی‌ دڵسۆزانه‌تان. هه‌ر له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا ئیشاره‌ به‌ چه‌ند شت ده‌كه‌م:
1ـ بۆ ئاگاداریی‌ به‌رێزتان كه‌س له‌ حیزبی‌ دێموكرات جیا نه‌بۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌ داخێكی‌ زۆره‌وه‌ نزیكه‌ی‌ چارده‌ مانگ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌م حیزبه‌ تووشی‌ له‌تبوونێكی‌ نه‌خوازراو بوو كه‌ بۆ خه‌باتگێڕانی‌ له‌ مێژینه‌ی‌ ئه‌م حیزبه‌ له‌ هه‌موو كه‌س تاڵتر‌و ناخۆشتر بوو.
2ـ ئێمه‌ به‌ش به‌ حاڵی‌ خۆمان هه‌رچی‌ له‌ توانامان دابوو به‌كارمان هێنا بۆ ئه‌وه‌ی‌ حیزب تووشی‌ چاره‌نووسێكی‌ ئه‌وتۆ نه‌بێ‌‌و له‌و پێناوه‌دا داوای‌ یارمه‌تیمان له‌ حیزبه‌ دۆست‌و براكانیشمان كرد كه‌ نێوبژیوانی‌ بكه‌ن. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌وڵه‌كانمان بێ‌ئاكام بوون چونكه‌ دۆستانی‌ به‌رامبه‌رمان به‌ ئاشكرا هه‌ر چه‌شنه‌ نێوبژیوانی‌یه‌كیان ره‌ت كرده‌وه‌.
3ـ ئێستاش زۆرمان پێ‌خۆشه‌ دۆستانی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌ك ئێوه‌ بێنه‌ نێوه‌وه‌‌و زه‌مینه‌ بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ ریزه‌كانی‌ خه‌باتگێرانی‌ دێموكرات پێك بێنن. به‌و هیوایه‌ی‌ ئه‌م جاره‌ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ریش هه‌ستی‌ به‌ زه‌ره‌ر‌و زیانه‌كانی‌ له‌تبوون كردبێ‌‌و مل بۆ نێوبژیوانیی‌ دۆستان‌و دڵسۆزان رابكێشێ‌.
4ـ ده‌بێ‌ راشكاوانه‌ عه‌رزتان بكه‌م كه‌ چاوه‌روانیی‌ پێكهێنانی‌ كۆنگره‌ی‌ هاوبه‌ش چاوه‌ڕوانی‌یه‌كی‌ واقعبینانه‌ نیه‌‌و به‌ ئاسانی‌ زه‌مینه‌كه‌ی‌ پێك نایه‌. به‌ڵام دڵنیا بن كه‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ ئێمه‌دا جارێكی‌ دیكه‌ پێ‌ له‌سه‌ر پێویستیی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ریزه‌كانی‌ خه‌باتگێرانی‌ رێگای‌ ئازادی‌ به‌ تایبه‌تی‌ هاوكاری‌‌و هاوخه‌باتی‌ له‌گه‌ڵ‌ رێكخراوه‌ خه‌باتگێره‌كانی‌ كوردستان‌و یه‌ك له‌وانیش هاوسه‌نگه‌رانی‌ پێشوومان داده‌گیرێته‌وه‌. ئێمه‌ هه‌ر ئێستاش ئاماده‌ی‌ هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو حیزب‌و رێكخراوه‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌كانی‌ كوردستان‌و ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجه‌كه‌ ئاماده‌ بێ‌، ته‌نانه‌ت یه‌كیه‌تیی‌ رێكخراوه‌ییش له‌گه‌لێانین‌و به‌ دڵنیایی‌یه‌وه‌ له‌ داهاتووش دا له‌و رێبازه‌ لاناده‌ین.
5ـ  خۆ ئه‌گه‌ر لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ریش له‌ كۆنگره‌ی‌ داهاتووی‌ خۆێ‌دا له‌م روانگه‌یه‌وه‌ بڕوانێته‌ داهاتوو، ئه‌وه‌ هه‌م ئیمكانی‌ پێكهێنانی‌ كۆنگره‌ی‌ هاوبه‌ش پێك دێ‌‌و هه‌م كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ هه‌ردوولاش ده‌توانن به‌بێ‌ پێكهێنانی‌ كۆنگره‌ ئه‌ركی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ حیزبی‌ دێموكرات به‌جێ‌ بێنن.
6ـ ئه‌وه‌ی‌ ئێستا هه‌م پێویسته‌‌و هه‌م ده‌كرێ‌ وه‌دی‌ بێ‌، دامه‌زراندنی‌ پێوه‌ندی‌یه‌كی‌ سالم‌و دۆستانه‌‌و هاوكاریی‌ دوولایه‌نه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێ‌ ورده‌ ورده‌ زه‌مینه‌ی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ته‌شكیلاتییش پێك بێنێ‌. به‌داخه‌وه‌ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر تا ئێستا ملی‌ بۆ دامه‌زراندنی‌ پێوه‌ندی‌یه‌كی‌ له‌و چه‌شنه‌ رانه‌كێشاوه‌. ئه‌گه‌ر جه‌نابت یان هه‌ركام له‌ ئۆگرانی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان له‌و پێناوه‌دا ده‌ست پێش  بخه‌ن دڵنیا بن له‌گه‌ڵ‌ نیازپاكی‌‌و پێشوازیی‌ گه‌رمی‌ حیزبی‌ ئێمه‌ به‌ره‌وروو ده‌بن. خۆ ئه‌گه‌ریش هاوسه‌نگه‌رانی‌ پێشووشمان ئه‌و ئاماده‌یی‌یه‌ له‌ خۆیان نیشان بده‌ن، ئێمه‌ زۆر خۆشحاڵ‌ ده‌بین كه‌ له‌ زووترین كات دا ئێوه‌ له‌ نێو خۆمان دا ببینین‌و پێشنیاره‌ بنیاتنه‌ره‌كانی‌ به‌رێزتان به‌ جیددی‌ تاوتوێ‌ بكه‌ین. به‌و هیوایه‌ی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ ئاڵۆز‌و ناسروشتی‌یه‌ هه‌رچی‌ زووتر كۆتایی‌ بێ‌‌و ده‌ست له‌ نێو ده‌ستی‌ یه‌ك به‌ره‌و داهاتوویه‌كی‌ باشتر هه‌نگاو بنێین.
زۆر سوپاسی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ دڵسۆزانه‌یه‌تان ده‌كه‌م‌و له‌به‌ره‌و پێش بردنی‌ ئامانجه‌ به‌رزه‌كانتان دا سه‌ركه‌وتنتان بۆ به‌ ئاوات ده‌خوازم. گه‌رمترین سڵاوم قه‌بووڵ‌ بكه‌ن.

دۆستی‌ دڵسۆزتان
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده‌
8ی‌ رێبه‌ندانی‌ 1386(28/1/ 2008)

z ڕێکه‌وتی 2008/2/4-10:35 له‌لایان کومیته‌ی سویس
بۆ چوونه‌کان ?