
سه‌ڕدێری‌ڕۆژنا‌مه‌كانی‌ده‌ره‌وه: كامران‌ره‌سوڵی : ڕۆژنامه‌ی جه‌روسه‌لێم پۆستی ئیسرائیلی له بابه‌تێکدا له ژێر سه‌ردێری فه‌له‌ستین، کوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2008ی ئه‌مریکا باسی هه‌لومه‌رجی تایبه‌ت به فه‌له‌ستین و کورد ده‌کا و پێیوایه وێرای ئه‌وه‌ی که کورد به نیسبه‌ت فه‌له‌ستینه‌وه قه‌ت له لایه‌ن جیهانه‌وه گوێی پێنه‌دراوه، به‌لام موسته‌حه‌قی سه‌ربه‌خۆ بوونه.
نووسه‌رێکی ئه‌م ڕۆژنامه‌یه که له ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌و وتاره سه‌ردانی کوردستانی کردووه و له هه‌ولێر ماوه‌ته‌وه، باوه‌ڕی وایه که باشووری کوردستان له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا له هه‌موو بارێکه‌وه زۆر به‌ره‌و پێش چووه و کورد هه‌لومه‌رجی سه‌ربه‌خۆبوونی بۆ خۆی خوڵقاندووه؛ به‌لام ئه‌وه‌ش ده‌ستنیشان ده‌کا که هه‌لومه‌رجی ناوچه‌كه ئه‌م مه‌جاله‌ی پێنادا له‌و باره‌وه هه‌نگاو هه‌ڵینێته‌وه.
نووسه‌ری وتاره‌که ده‌نووسێت: ئاکامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2008ی ئه‌مریکا هه‌رشتێک بێت، وێده‌چه‌ێت وه‌رچه‌رخانێکی زۆر گه‌وره، له هه‌ڵوێستی سیاسیی ئه‌مریکادا له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا پێک بێنێت، به تایبه‌ت له سه‌ر رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست. له درێژه‌دا ئه‌م رۆژنامه‌یه ده‌ڵێت ئیداره‌ی بووش له زۆربه‌ی زۆری کاته‌كانی ده‌سه‌لاتداری خۆیدا باسی سه‌ربه‌خۆ بوونی فه‌له‌ستینییه‌کانی کردووه و هه‌وڵی بۆ داوه، هه‌ر له پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ کێشه‌ی ئیسرائیل ـ فه‌له‌ستین زۆر کۆڕ و کۆمه‌ڵی ناوده‌وڵه‌تی و ولاتانی جیهان هه‌وڵیان داوه که ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکه‌ن؛ به‌ڵام هه‌ر جێبه‌جێ نه‌کراوه. ئه‌و ڕۆژنامه‌یه ڕوونیشی ده‌کاته‌وه که "ئه‌وه کاره‌ساتێکی گه‌وره بوو که فه‌له‌ستینییه‌کان له ماوه‌ی سێ چاره‌گه سه‌ده دا هه‌لی زۆر له‌باریان بۆ ڕه‌خسا به‌لام له کیسیان چوو" و ده‌شپرسێ بۆ؟ له‌وه‌ڵامیشدا ده‌نووسێت: "ئه‌وه ده‌بێت له فه‌له‌ستینییه‌کان و شێوه‌ی بنیادنانی ئه‌م گه‌له پرسیار بکریت."
به‌ڵام ئه‌و رۆژنامه‌یه که دێته سه‌ر کوردستان و ده‌یهه‌وێت به‌راو‌ردی وه‌زعی کوردستان ده‌گه‌ڵ فه‌له‌ستین بکات ئاوا ده‌نووسێت: "نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته ماوه‌یه‌ك له مه‌و پێش بۆ ماوه‌یه‌ک له هه‌ولێر ماوه‌ته‌وه، هه‌ولێر پێته‌ختی کوردستانه، ئه‌م شوێنه‌ی که هه‌موو کاره ئیدارییه‌کانی حکومه‌تی ناوچه‌ی کوردستان له وێرا به‌رێوه ده‌چێت، پرۆژه و بیناسازی زۆر گه‌وره به‌ڕێوه‌یه وه‌کوو پارک، شه‌قام، مه‌کته‌ب، سیستمی ئاو و کاره‌با و ئاوه‌ڕۆ و ... هتد، فرۆکه‌خانه‌یه‌کی ناوده‌وڵه‌تی پێشکه‌وتوو دروستکراوه که به‌رده‌وام بۆ ئوروپا و ئوردۆن سه‌فه‌ری لێوه ده‌کرێت، ته‌نانه‌ت بازار و دوکان و قه‌یسه‌ری پێشکه‌وتوو دروست کراون، بیناسازی بۆ نیشته‌جێبوونی له ده‌وروبه‌ری شار بینا نراون که زۆر ڕیکوپێکن، کۆڵانی خاوێن و خواردنیکی زۆر ده‌ست ده‌که‌وێت و ئیداره‌کانی خزمه‌تگوزاریش به‌رده‌وام له کاردان."
ئه‌و رۆژنامه‌یه پاش باسیکی دوور و درێژ له سه‌ر وه‌زعی کوردستان ده‌نووسێت هه‌مووی ئه‌م پرۆسه‌و به‌رنامانه له وڵاتێک‌دا به‌رێوه ده‌چن که له هه‌موو لایه‌که‌وه له ژێر مه‌ترسی دایه، به تایبه‌ت له لایه‌ن تورکیه و ئیران و سوریاوه.
ئه‌م رۆژنامه‌یه ده‌نووسێت کورد ئه‌م کارانه‌ی کردووه به هاوکارییه‌کی زۆر که‌می ئابووری له لایه‌ن ده‌وربه‌ریه‌وه، که له به‌راورد ده‌گه‌ڵ ئه‌و بیلیۆن دۆلارانه‌ی که وه‌ک هاوکاری دراون به فه‌له‌ستین جیاوازییه‌کی یه‌کجار زۆی هه‌یه. جه‌ختیشی ده‌کاته‌وه که ئامریکا له سالی 1991وه هاوکاری مرۆڤدۆستانه‌ی کوردی کردووه، به‌ناوی ئه‌و به‌شه‌ی که له ژێرچاودیری خۆی دابووه؛ به‌لام ئه‌وه‌ی که کورد کردوویه‌تی به هه‌وڵ و هیمه‌تی خۆی بووه.
له درێژه‌دا جه‌روسه‌لێم پۆست ده‌نووسێت له ئاکام دا کوردی عیراق هه‌ست به‌وه‌ده‌کات که خه‌ونی کۆنی ئه‌وان بۆ ئوتۆنۆمی که سه‌ربه‌خۆییه‌كی واقیعی نییه، وه‌دی هاتووه و به هۆی هه‌لومه‌رجی ناوچه‌یی نا‌توانن هه‌نگاوی سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵێننه‌وه.
به پێی ئه‌م لێکدانه‌وانه ئه‌م ڕۆژنامه‌یه پێی وایه ئه‌گه‌ر ئه‌م سه‌رکه‌وتنانه‌ی کورد به‌راورد بکرێن ده‌گه‌ل هه‌لومه‌رجی ناوچه‌کانی فه‌له‌ستین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که فه‌له‌ستینییه‌کان ده‌یان ساڵه که ڕای گشتی جیهانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوه‌وه و جیهان ئه‌وانی ئیهمال نه‌کردووه، فه‌له‌ستینه‌کان له ماوه‌ی 70 سالێ ڕابردوودا زۆر زیاتر له کوردان هه‌لومه‌رجی زۆر له‌باریان بۆ ره‌خساوه بۆ دامه‌زراندنی وڵاتی خۆیان، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه هه‌لومه‌رجیکی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و سیاسیی پێویست وه‌ک جیهانێکی پێشکه‌وتوو و مودێرن بۆخۆیان بنیاد بنێن.
رۆژنامه‌كه ئه‌وه‌نده زیاد ده‌کا که فه‌له‌ستینییه‌كان له‌م باره‌وه جوو و ئیسرائیل و ئه‌مریکا به تاوانبار ده‌زانن؛ له درێژه‌شدا ده‌نووسێت که "له به‌راوردکردن ده‌گه‌ڵ کوردی به‌دبه‌ختدا فه‌له‌ستینییه‌كان پێگه‌یشتووتر، خوێنده‌وارتر و له ناو کۆمه‌ڵی عه‌ره‌بدا ده‌وڵه‌مه‌ندترینه‌کانن و فه‌له‌ستینیه‌کان وه‌ك که‌سایه‌تی له باری سه‌رمایه، ئه‌زموون و خوێنده‌وارییه‌وه پله‌یه‌ک له کورده‌کان له پێشترن.
له لایه‌كی تره‌وه ئه‌م رۆژنامه‌یه پێیوایه که ئه‌وه کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه بۆ فه‌له‌ستینیه‌کان که وه‌ك کوردیان بۆ ناکرێت و کورد له ماوه‌یه‌کی کورتی زه‌مانیدا توانیویه‌تی زۆر ئاڵوگۆڕ پێک بێنێت.
ئه‌م رۆژنامه‌یه هه‌روه‌ها پێیوایه که جووله‌که و ئه‌مریکاییه‌کان ده‌بێ له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2008ی ئه‌مریکادا زۆر ژیرانه ده‌نگه‌کانیان هه‌لسه‌نگێنن.
له کۆتاییدا جه‌روسه‌لێم پۆست ڕوونیده‌کاته‌وه که "جۆرج دابلیو بووش" حه‌قی بوو که له ساڵی 2002 دا گووتی: "ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا پشتیوانی له دامه‌زراندنی حکومه‌تی سه‌ربه‌خۆی فه‌له‌ستینیه‌کان ناکات تا ئه‌وکاته‌ی سه‌رۆکه‌کانی ئه‌م خه‌ڵکه ده‌ست له کاری ترۆریستی هه‌ڵنه‌گرن و فه‌له‌ستینیه‌کان ڕێگای ڕاستی دیمۆکراسی هه‌ڵنه‌بژێرن و بۆ ئه‌وه‌ی داهاتوویه‌کی ڕوون تر بۆخۆیان وه‌دی بێنن"، هه‌ر به‌م چه‌شنه‌ی که کورده‌کان له شیمالی عیراق دا ده‌یکه‌ن.