هه‌واڵه‌كا‌نی رۆژ‌هه‌ڵا‌تی‌كوردستان: هێزه‌کانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی کرماشان هه‌ڵیانکوتاوه‌ته سه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌کی کورد و چه‌ند که‌س له ئه‌ندامانیان قۆڵبه‌ست کردوون. یه‌کێک له گیراوان که ده‌گوترێ ئه‌ندامی حیزبێکی کوردی بووه، له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا کوژراوه. ڕاگه‌یه‌نرا که ده‌ست و قاچی کوژراوه‌که شکێنراوه و شوێنی چه‌ند گولله‌یه‌کیش به جه‌سته‌یه‌وه دیاره.
ڕێکخراوی "چالاکانی مافی مرۆڤ له ئێران" له ڕاپۆرتێکدا له‌و بواره‌وه ده‌نووسێ: "هێزه‌کانی ئیتلاعاتی کرماشان ڕۆژی چوارده‌ی مانگی ڕابردووی هه‌تاویدا هه‌ڵیانکوتاوه‌ته سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی یه‌کێک له چالاکانی مه‌ده‌نیی شاری کرماشان به‌ناوی "ئه‌حمه‌دی جه‌واهیری" و وێرای چالاکێکی سیاسی به‌ناوی "فه‌رزادی قوبادی" به‌بێ پێکدادانی چه‌کداری قۆڵبه‌ستیان کردوون و بۆ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی کرماشان گواستوویاننه‌وه."
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌که فه‌رزادی قوبادی برای هاوسه‌ری ئه‌حمه‌دی جه‌واهیری و ئه‌ندامی په‌ژاک بووه. ئه‌مه له کاتێکدایه که پژاک له لێدوانێکی چاپه‌مه‌نیدا که له ناوه‌نده‌کانی خۆیدا بلاویکردۆ‌ته‌وه ڕایده‌گه‌یه‌نێ که ناوبراو گه‌ریلای ئه‌وان بووه و له شه‌ڕێکدا به برینداری که‌وتۆته ده‌ست هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت. پژاک ئه‌وه‌ش ڕاده‌گه‌یه‌نێ که ناوبراو له نێوان کامیاران و ڕوانسه‌ر که‌وتۆته که‌مینی هێزه‌کانی سوپای پاسداران.
ڕێکخراوی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران به‌ڵام له درێژه‌ی ڕاپۆرته‌که‌یدا وێرای ده‌ستنیشانکردنی ئه‌وه که قوبادی له ماڵی یه‌کێک له نزیکانیدا و به‌بێ پێکدادانی سه‌ربازی گیراوه، ڕوونیشی ده‌کاته‌وه كه ئه‌و له کاتی گیرانیدا "له بارودۆخێکی زۆر باشی جسمیدا بووه، به‌ڵام له ڕۆژی (15/10/1386) له ئیداره‌ی ئیتلاعاتی کرماشان له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا کوژراوه."
ئه‌وه‌ش ده‌ستنیشان ده‌کا که "له‌سه‌ر ته‌رمی ناوبراو، وێڕای شکانی سه‌ر و ده‌ستی، شوێنی پێکرانی چه‌ند گولله‌ش ده‌بینرێ".
به‌گوێره‌ی هه‌مان ڕێکخراو یه‌کدابه‌دووی کوشتنی ئه‌و چالاکه سیاسییه، بۆ پێش‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که، چه‌ند که‌س له نزیکانی وی قۆڵبه‌ست کراون که له‌ناویاندا منداڵێکی دوو ساڵه‌ش ده‌بینرێ.
ئه‌و ڕێکخراوه ڕاشیده‌گه‌یه‌نێ که هێزه‌کانی ئیتلاعات دوای کوشتن و ئه‌نجن‌ئه‌نجنکردنی ته‌رمی قوبادی، ته‌رمه‌که به چه‌ند که‌س له ئه‌ندامه گیراوه‌کانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه و که‌سانی نزیکیان نیشان ده‌ده‌ن. ڕوونیشی ده‌کاته‌وه که هه‌ردوو ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌که، فاتمه جه‌واهیری و ڕابیعه قوبادی، دوای دیتنی ته‌رمی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌یان، له بارودۆخێکی زۆر خراپی ڕووحیدا ده‌ژین. به‌گوێره‌ی ئه‌و ڕێکخراوه ڕابیعه قوبادی گوتوویه‌تی که براکه‌ی له‌به‌ر چاوی خۆی گولله‌باران کراوه.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌و ڕێکخراوه ئه‌وه‌ش ڕوون ده‌کاته‌وه که شوێنی کاری ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه، که نزیک به سی کرێکاری هه‌یه، به‌بێ هیچ چه‌شنه حوکمێکی دادگا داخراوه و ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ش ( ئه‌حمه‌دی جه‌واهیری، ڕابیعه قوبادی، فاتمه جه‌واهیری و عه‌تا قوبادی) تا ئێستا هه‌ر له گرتووخانه‌دان و بارودۆخی جسمی و ڕووحیشیان به "زۆر خراپ" وه‌سف کراوه