رەوتی ریفۆرمی حیزبی دیموکراتی کوردستان
خەڵکی خەباتکار و خۆڕاگری کورد!
خەباتگێڕان و پارت ولایەنە شۆڕشگێڕ و سیاسییەکانی کوردستان!
جیا بیران و کەسایەتییە سەربەخۆ و نیشتمان پەروەرەکانی کورد!
رۆژهەڵاتی ناڤین و ئێران، بە کەشوهەوایەکی گەلێک هەستیار و ئەستەمدا تێدەپەڕێ و لەم ئەتمۆسفێرە ئاڵۆزەدا روون و ئاشکرایە ئەگەر بزاڤی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان بە لەبەر چاوگرتنی پێویستییەکانی سەردەم لەگەڵ شەپۆلی گۆڕانکارییەکان هاوتەریب نەبێت، دەرفەتە زێڕینەکانی ئەم قۆناغە بە فیڕۆ دەچێت و بەئاکام گەیشتنی ئامانجەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بۆ چەندان ساڵی دیکەش وەدوا دەکەوێت. بێگومان لە بارودۆخی ئێستادا یەکدەنگی و هاوهەڵوێستیی سیاسی و توانایی پراکتیکیی پارت و رێکخراو و کەسایەتییە سیاسی و نەتەوەییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان، رەمزی کاریگەری و ئەکتیڤ بوونى کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێران و چوونە سەری سەنگ و قورسایی ئەم نەتەوەیە لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدایە و یەکڕیزی خەباتگێڕانی کورد فاکتەری سەرکی و دەستەبەرکەرى دابین بوونی ئاواتە نەتەوەییەکانمانە ، بە پێچەوانەوە درێژەکێشانی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە واتای کەمڕەنگ بوونەوەی رۆڵی کورد لە داهاتووی سیاسی ئێران مانا دەکرێتەوە وئەگەرى چێ بوونی ناکۆکی و سەرهەڵدانی کۆمەڵێک ململانێی نارەوا لە نێو هێزە سیاسییەکانی رۆژهەلاتی کوردستان و تەنانەت دووبارە بوونەوەى دیاردەى دزێوی شەڕی براکوژى دێنێتە ئاراوە.
لەم سۆنگەیەوە و بە خوێندنەوەیەکی وردی هەلومەرجی هەنووکەیی و هەروەها بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ئەرک و بەرپرسایەتییەی کە دەکەوێتە سەر شانی هەر شۆڕشڤانێکی کورد، رەوتی ریفۆرمی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بانگەوازی یەکگرتنی نەتەوەیی ئاراستەی گشت هێز و کەسایەتییە شۆڕشگێڕ و دیموکراتیکەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و بۆ دەستەبەر بوونی ئەم مەبەستەش ئەو سەرنج و تێبینییانەی خوارەوە دەخاتە روو:
1ـ لەم ماوەیەی دواییدا کەرت بووون و لێکدابڕانی ناو ریزەکانی حیزبە خەباتگێڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کاردانەوەی نێگەتیڤی لەسەر رادەی هیوا و باوەڕ بە خۆ بوونی رای گشتی رۆژهەڵاتی کوردستان داناوە؛ حاشاهەڵنەگرە کە تەنیا رێگای دەربازبوون لەم دۆخە مەترسیدارە، لابردنی ناکۆکییەکان و زاڵبوون بەسەر دەمارگرژی حیزبی و هەستی خۆ بەزلزانی و کردنەوەی دەرگای دیالۆگ و لێک تێگەیشتنە، وەگەڕخستنی هەوڵەکان بۆ لێک نزیکبوونەوەی حیزبەکان سەرەتا لە نێو لایەنە لێکدابڕاوەکان بۆ وێنە حدک و حدکاو دواییش لە نێو تێکڕای هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا، متمانەی مێژوویی خەڵکی کورد بۆ ئەم لایەنە سیاسییانە دەگەڕێنێتەوە. لە راستیدا کاریگەریی ئەم هەنگاوە پێش هەمو شتێک لە رەهەندی سایکۆلۆژییەوە دەردەکەوێ وهیوای سوود وەرگرتن و بەهرەمەند بوون لە پێشهات و گۆڕانکارییە نێونەتەوەییەکان لە ناخی مرۆڤی کورددا بەرز دەکاتەوە.
2ـ لەو چوارچێوەیەدا چاوەڕوانی ئەمە هەیە کە گشت ئەندام و لایەنگرانی پارت و لایەنە سیاسییە جۆراوجۆرەکان بە ویژدانێکی هوشیار و بە دوور لە بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی بڕواننە ئەم مەسەلەیە و هەر تاکێک لە لاى خۆیەوە ئەم گوتارە لە نێو پێکهاتەى تەشکیلاتى رێکخراوە سیاسییەکەى خۆیدا پەرە پێبدا و ئەم داخوازییە بۆ ئاستی رێبەرایەتی حیزبەکەی بگوازێتەوە؛ روونە کە ئەم ئەرکە هیچ چەشنە پاساوێکی دوگم و ئایدۆلۆژیک هەڵناگرێ و بە تایبەتی لەم پێڤاژۆیەدا پێویستە کە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکان لە ئەورووپا و ئەمریکا ببنە ئەکتەری چالاکی ئەم بوارە.
3ـ پێویستە لە کەشوهەوای سیاسیی ئەمڕۆدا، راگەیەنە گشتییەکانی حیزبەکان چیتر لە بازنەی بەرژەوەندیی حیزبیدا قەتیس نەمێننەوە و بە هیچ شێوازێک پڕۆپاگەندەی نەرێنی بە دژی یەکتر بڵاونەکەنەوە و بە جێگەی ئەوە جەخت بکەنە سەر گشتگیر کردنی ئاخێوی نەتەوەیی و بەرز راگرتنی چەمک و بایەخە نەتەوەییەکان.
هەروەها لەم پێوەندییەدا راگەیەنە سەربەخۆەکان پێویستە دەست پێشخەریی خۆیان لەم پرۆسەیەدا بسەلمێنن و گرژی و ئاڵۆزی کاتیی نێوان حیزبە گەورەکان زەق نەکەنەوە، بەڵکوو بە کەڵک وەرگرتن لە روانگە و بۆچوونی جیابیران و کەسانی بێ لایەن ئەرکی راستەقینەی رۆژنامەڤانی خۆیان بۆ کۆتایی هێنان و چارەسەر کردنی ناکۆکییەکان بە ئەنجام بگەیەنن.
4ـ بۆ بە ئاکام گەیشتنی ئەم ئامانجە نەتەوەییە، پێویستە خوێندکاران و رووناکبیران وەک توێژێکی سەربەخۆ و ئارمانج خواز رۆڵی کاتالیزۆیان هەبێ و زیاتر لە توێژەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگا بۆ تین بەخشین بەم ئەرکە نەتەوەییە راپەڕن و بە ئاوەزمەندییەکی رەخنەگرانە و هەڵقوڵاو لە ویستی دڵسۆزی بۆ نەتەوە و نیشتمان، دەمارگرژیی حیزبەکان بخەنە ژێر پرسیار و هاوکات بە شێوازی ناڕاستەوخۆ هەوڵەکانی خۆیان بۆ دیموکراتیزە بوونی زیاتری پارتە سیاسییەکان چڕ بکەنەوە و لەم رێگایەوە کراوەیی زیاتری حیزبەکان بکەن بە دینامیزم و هەوێنی لێک تێگەیشتن و خاڵی هاوبەش بۆ کردنەوەی دەرگای دیالۆگ و هاوکاری.
ئەم خاڵانەى سەرەوە دەکرێ وەک بوار رەخسێنی دەسپێکێک بۆ لێک نزیکبوونەوەی پارت و لایەنە سیاسییەکان سەیر بکرێن، بەڵام سەرەتا لە جێی خۆیدایە کە لێژنەیەک پێک بێت لە کەسایەتییە سەربەخۆەکان و کەسانی خاوەن بیر لە نێو حیزبەکان بۆ راپەڕاندنی ئەم دەست پێشخەرییە و سازدانی بەستێنێکی شیاو بۆ ئەم مەبەستە، ئەم لێژنەیە سەرەڕای چاوەدێری جێبەجێ کردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە دەبێ مکانیزمێکی گونجاو بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نەتەوەیی گەڵاڵە بکات.
بێگومان بەدەنگەوە هاتنی ئەم بانگەوازە و وەئەستۆگرتنی ئەم ئەرکە قورسە، نیشانەی رێزدانانە بۆ ماندوویی نەناسی و خوێنی پاکی گشت رێبواران و شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان ودەستەبەرکەرى مسۆگەر کردنی ئاسۆیەکی روون و گەشە بۆ نەوەکانی دوا رۆژی کورد.
بژی کورد، بژی کوردستان
رەوتی ریفۆرمی حیزبی دیموکراتی کوردستان
2007/10/20